وتاری شیکاریی ناوەندی توێژینەوەو ستراتیژی بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان
پارادۆکسی بارسێلۆنا: کاتێک بەرپرسی حزبەکوردیەکان لە سەنگەری پارێزەرانی کۆماری سێدارەدا دادەنیشن
وتاری شیکاریی ناوەندی توێژینەوەو ستراتیژی بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان
لە کاتێکدا نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر قورسترین فشاری ئەمنی، ئابووری و سێدارەدایە، بەشداریکردنی سکرتێری گشتیی هەردوو حزبی (کۆمەڵە و دیموکرات) لە کۆڕبەندی بەرەی جیهانیی پێشکەوتنخواز لە بارسێلۆنا، نەک هەر هەڵەیەکی ستراتیژییە، بەڵکو سووکایەتییەکی ڕاستەوخۆیە بە خوێنی شەهیدان و ئیرادەی گۆڕانکاریخوازی گەلەکەمان. ئێمە لە بزووتنەوەی ئاییندەی کوردستان، ئەم هەنگاوە بە لادان لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ڕزگاریخوازی و کەوتنە ناو تەڵەی ئەجێندایەک دەبینین کە لە جەوهەردا دژی هەڵوەشاندنەوەی داگیرکەری تارانە.
هاوپەیمانی لەگەڵ نەیارانی گۆڕانکاری
ئەو کۆڕبەندەی کە بەناوی پێشکەوتنخوازی و دژایەتی پۆپۆلیزم کۆبووەتەوە، لە ڕاستیدا چەترێکی سیاسییە بۆ ئەو هێزانەی کە مانەوەی ستاتۆ و سەقامگیریی ڕژێمی ئێران بەلاوە گرنگترە وەک لە ئازادیی گەلانی بندەست. چەپەکان لە جیهاندا، کە ئەمڕۆ لەژێر ناوی دژایەتی ترامپیزم و زایۆنیزم کۆبوونەتەوە، هەمان ئەو تاقمانەن کە لە کاتی کوشتنی هەزاران گەنجی کورد و ئێرانی لە شەقامەکاندا، بێدەنگییان هەڵبژارد. چۆن دەبێت ڕابەرانی کورد لەگەڵ بەرەیەکدا دابنیشن کە بە ئاشکرا دژی هەر پرۆسەیەکی سەربازی یان فشارێکی جددییە بۆ سەر کۆماری پەت و سێدارە؟
دۆست و دوژمن لە هاوکێشەی کورددا
بۆ گەلی کورد، پێناسەی زایۆنیزم و ترامپیزم جیاوازە لەوەی کە چەپە کەنارییەکانی ئەوروپا دەینوسنەوە. ئەوەی کورد جینۆساید دەکات، ئەوەی زمان و کلتووری کورد قەدەغە دەکات، و ئەوەی ڕۆژانە گەنجی کورد لە سێدارە دەدات، ڕژێمی داگیرکەری تارانە نەک ئەمریکا و ئیسرائیل. بە پێچەوانەوە، مێژووی هاوچەرخ سەلماندوویەتی کە فشاری هێزە نێودەوڵەتییەکان (کە ئەم کۆڕبەندە دژیانە) تاقە هۆکاری پاراستنی کورد بووە لە دەستدرێژیی داگیرکەران. بەشداریکردن لە بەرەیەکدا کە دژی هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی کوردە، خۆکوژییەکی سیاسییە.
تەنگژەی نوێنەرایەتیکردن
ئێمە لە بزووتنەوەی ئایندە ڕایدەگەیەنین کە ئەم دوو حزبە، بەم هەڵوێستە پارادۆکسوڵەیان، نوێنەرایەتی ویستی ڕاستەقینەی شەقامی کوردی ناکەن. کۆمەڵگەی کوردی تینووی گۆڕانکاریی ڕیشەیی و ڕووخانی ڕژێمە، نەک چاکسازیی فێڵاویی و دانیشتن لەگەڵ سۆسیالیستە ئەوروپییەکان کە دۆزی کورد تەنها وەک کارتێکی کاتی دەبینن. ئەوانەی لە بارسێلۆنا کۆبوونەتەوە، تەنها نوێنەری کەمینەیەکی ئایدیۆلۆژین کە هێشتا لە ناو خەیاڵدانی چەپی سەدەی ڕابردوودا دەژین و ئامادەن بەرژەوەندیی نەتەوەیی قوربانیی دروشمە ئینتەرناشناڵەکان بکەن.
ڕژێمی سێدارە چاکسازیی تێدا ناکرێت
باوەڕی نەگۆڕی ئێمە ئەوەیە: تا ڕژێمی پەت و سێدارە لە تاران بێت، پرسی کورد یەک هەنگاو ناچێتە پێش. هەر کۆبوونەوە و کۆڕبەندێک کە ڕێگری لە گۆڕینی ڕژێم بکات بە بیانووی مافی مرۆڤ یان دژایەتی شەڕ، لە ڕاستیدا خزمەت بە تەمەنی دیکتاتۆریەت دەکات. چۆن دەکرێت بەناوی پێشکەوتنخوازییەوە داکۆکی لە سیستەمێک بکرێت کە تەنها لە یەک ساڵدا سەدان مرۆڤی بەبێ دادگایی لە سێدارە داوە؟
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بە بێبایەخ و هەوڵێک بۆ بەلاڕێدا بردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەزانێت. ئێمە هۆشداری دەدەین کە بەستنەوەی چارەنووسی کورد بە بەرەیەکەوە کە دژی گۆڕانکاریی ڕاستەقینەیە، مێژوویەکی شکستخواردوو دووبارە دەکاتەوە. کاتی ئەوە هاتووە هێزە کوردییەکان لە نێوان دروشمە بریقەدارەکانی ئەوروپا و ویستی ڕزگاریی نەتەوەیی، یەکێکیان هەڵبژێرن. ڕێگەی ئێمە ڕوونە: تەنها بە گۆڕینی ڕیشەیی ئەم ڕژێمە، مافی چارەی خۆنووسین دەستەبەر دەبێت.
ناوەندی توێژینەوەو ستراتیژی
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان