ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، بە جەختکردنەوە لەسەر پێگە و ستراتیژی ژن لە ناو ئەم بزووتنەوەیەدا: بزووتنەوەی ئایندە و ئیرادەی ژن: ساڵێک لە خەباتی مۆدێرن بۆ ئازادی و یەکسانی
شیکارییەک بۆ ساڵیادی ڕاگەیاندنی بەدیلی خەباتی کلاسیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، بە جەختکردنەوە لەسەر پێگە و ستراتیژی ژن لە ناو ئەم بزووتنەوەیەدا:
بزووتنەوەی ئایندە و ئیرادەی ژن: ساڵێک لە خەباتی مۆدێرن بۆ ئازادی و یەکسانی
ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ، لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی کوردی لە نێوان چەقبەستوویی حیزبەکلاسیکەکان و هەژموونی فیکری داگیرکەراندا دەست و پێی بەسترابوو، بزووتنەوەیئایندەی کوردستان وەک وەڵامێکی مێژوویی و زەرورەتێکی سەردەمیانە ڕاگەیەندرا. ئەم بزووتنەوەیە تەنیا بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان نەهات، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی مێشکی تاکی کورد لەو زەلکاوە فیکری و کۆمەڵایەتییەی کە ساڵانێکە دوژمنان و جاشەناوخۆییەکان پێیان دەفرۆشرێتەوە.
ژن؛ ناوەند و بزوێنەری ستراتیژی ئایندە
لە ناو ستراتیژی سۆسیالیزمی نیشتمانی دیموکراتیکی بزووتنەوەی ئایندەدا، مافی ژن نەک هەر پاشکۆ و دروشمێکی جوانکاری نییە، بەڵکو کۆڵەکەی سەرەکی بزووتنەوەکەیە. بزووتنەوەی ئایندە پێی وایە: نەتەوەیەک کە ژن تیایدا ئازاد نەبێت، ناتوانێت خاکەکەی ڕزگار بکات.
بە پێچەوانەی حزبە کلاسیکەکان کە ژنیان تەنیا بۆ نمایش و دەنگدان دەوێت،بزووتنەوەی ئایندە لە ڕێگەی سیستەمی سەنترالیزمی دیموکراتیکەوە، ژنیکردووە بە هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە بڕیارە سیاسییەکاندا. لێرەدا ژن تەنیا پێشمەرگە یان ئەندام نییە، بەڵکو داڕێژەری ئەو ستراتیژەیە کە بەرەو مافی چارەی خۆنووسین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو دەنێت.
بزووتنەوەی ئایندە لە دیدگای ژنەوە: ڕزگاربوون لە دوو کۆت و زنجیر
بۆ ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بزووتنەوەی ئایندە وەک پەناگەیەکی ڕۆشنگەری دەردەکەوێت. ژنی کورد لەم بزووتنەوەیەدا لە دوو لایەنەوە بەرگری لە کەرامەتی خۆی دەکات:
• بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر: خەبات دژی ڕژێمێکی ئاخوندی کە جەستە و مێشکی ژنی کردووە بە گۆڕەپانی جەنگ.
• ڕزگاربوون لە زەلکاوی کلتوری کۆن: بزووتنەوەی ئایندە فەزایەکی خوڵقاندووە کە تێیدا ژن لە ژێر چەپۆکی پیاوسالاریی حیزبی و ئەو ئایینە سیاسییەی کە سوکایەتی بە مرۆڤایەتی دەکات، دێتە دەرەوە.
لە دیدگای ژنێکی ئایندەخوازەوە، ئەم بزووتنەوەیە جێگرەوەیەکە بۆ ئەو خەباتە کلاسیکەی کە ساڵانێکە ژنی تەنیا لە چوارچێوەی خزمەتکاردا دەبینی. ژن لە بزووتنەوەی ئایندەدا، خۆی بە خاوەنی مافی چارەی خۆنووسین دەزانێت و فیدراڵیزم وەک چوارچێوەیەکی سیاسی بۆ پاراستنی مافە مەدەنی و نەتەوەییەکانی دەبینێت.
ساڵێک لە دەستکەوت و ئاسۆیەک بۆ سبەی
لە ماوەی ئەم ساڵەدا، بزووتنەوەی ئایندە توانی مۆدێلێکی نوێ لە ژنی سیاسی پێشکەشبکات؛ ژنێک کە خاوەن تیۆری و مەعریفەیە، ژنێک کە لە بەرامبەر تەشهیر و جوێنی نەفامەکاندا تەسلیم نابێت و زانست و عەقڵانییەت دەکاتە چەکی سەرکەوتن.
ساڵیادی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئایندە، ساڵیادی گەڕانەوەی ئومێدە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵات. ئەم بزووتنەوەیە بەڵێنی ئەوەیە کە چیتر ژن نابێتە قوربانیی ڕێککەوتنی جاشەکان و داگیرکەران، بەڵکو خۆی دەبێتە ئەو مەشخەڵەی کە تاریکیی جەهل و کۆیلایەتی دەسوتێنێت.
پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندن و ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان؛ بزووتنەوەی عەقڵ،
ئازادی و سەروەریی ژن.